بیل و میلیندا گەیتس دوای ٢٧ساڵ لە ھاوسەرگیری جیادەبنەوە

2021-05-04   |  
بیل گەیتس و میلیندای ھاوسەری
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دوای ٢٧ساڵ لە ھاوسەرگیری بیل گەیتس دامەزرێنەر و بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و یەکێک لە ملیاردێرەکانی ئەمریکا و جیھان لە ھاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە .

ھەواڵی جیابوونەوەی بیل گەیتس و میلیندای ھاوسەری لەسەر زاری بیل گەیتس خۆیەوە بڵاو بووەتەوە ، گەیتس لە تویتێکدیا لە ئەکاونتەکەی خۆی لە تویتەر ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە دوای مشتومر و بیر کردنەوەیەکی زۆر لەگەڵ میلیندا گەیشتوونەتە ئەو بریارەی کە لەیەک جیاببنەوە ئەوەش دوای بەردەوام بوونی ھاوسەر گیرییەکەیان بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ .

بیل گەیتس نوسیویەتی لەماوەی ئەو ٢٧ ساڵەدا ٣ منداڵی سەرکەوتویان گەورە کردووەو دامەزراوەیەکی خێرخوازی گەورەشیان بەرێوە بردووە کە ھەوڵی باش کردنی ژیانی ھەزاران کەسی داوە لەسەرتاسەری جیھاندا ، ھەواڵەکە ھەرزوو لە میدیای ئەمریکی شۆکێکی گەورەی دروست کرد لەبارەی ئەوەی ئاخۆ رێکەوتنی جیابوونەوەی میلیندا و گەیتس چۆن دەبێت بەو پێی لە ئەمریکا ژن لە دوای جیابوونەوە لە پیاو برێکی زۆر لە سامانەکەی دەبات ، ئاخۆ بیل گەیتس وەک جێف بیزۆسی ھاونیشتیمانی خۆی لێ دێت کە دوای جیابوونەوەی لە ژنەکەی دەیان ملیار دۆلاری دا بە ژنەکەی و بەوەش نازناوی دەوڵەمەندترین " بێوەژنی" جیھانی وەرگرت .

بیل و میلیندا گەیتس بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٧ لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت یەکتریان بینیوە دواتر لە ساڵی ١٩٩٤ ھاوسەرگیریان کردووە ، میلیندا گەیتس خۆشی لە مایکرۆسۆفت ئیشی کردووەو چەندین پۆستی لەو کۆمپانیایەدا وەرگرتووە ، لەساڵی ٢٠٠٠ەوە دامەزراوەیەکی خێرخوازی لەگەڵ بیل گەیتس دروست کردووە تا ئێستا زیاتر لە ٥٨ ملیار دۆلاریان بەخشیوە بەو پرۆژە و دەستپێشخەریانەی کە گرنگی بە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی ھەژاری دەدەن.