وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم (کەرکوک - شەنگال - خانەقین) ئاگاداردەکاتەوە کە لە سەعات ٩ی ئەمشەو دەتوانن لە ھەمان سایتی زانکۆلاین داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکانی ھەرێم پێشکەش بکەن.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: سەرجەم دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ئەوانەی ناویان لە نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەیان تۆمارکردووە، لە سەعات ٩ی ئەمشەوە و ھاوشێوەی دەرچووانی ھەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری لەڕێگەی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.
وتیشی؛ بۆ ھەر کێشە و گرفتێک سەبارەت بە پرۆسەکە دەرچووان دەتوانن سەردانی نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەیان بکەن و ئاسانکاری و ڕێنوێنیان پێشکەش دەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاشیگەیاند؛ ساڵانە لەگەڵ دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی ھەرێمی کوردستان، دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش بەھەمان مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتنی خوێندکارانی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
بۆ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکان دەتوانن بە کۆدەکانیان بچنە ناو سیستم و راستەوخۆ داواکاری بۆ وەرگرتن لەھەمان سایتی زانکۆلاین پێشکەش بکەن.
https://www.regayzanko.com/