سودانی داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات لە ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی بەغداد

2024-10-01   |  
فۆتۆ: 
شنیار
سەرۆک وەزیرانی عیراق داوا لە وەزیری ناوخۆ دەکات لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغداد بکات کە ھێزەکانی ئەمریکای تێدایە.

یەحیا رەسوڵ وتەبێژی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سودانی فەرمانی دەرکردووە بۆ عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عیراق بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە ھێرشەکەی سەر سەربازگەی ڤیکتۆریا لە  فڕۆکەخانەی بەغداد بکرێت و لە ماوەی ٤٨ سەعاتدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە و دیاریکردنی لایەنی کەمتەرخەم رابگەیەندرێت.

ھاوکات وەزارەتی ناوخۆی عیراقیش لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی ھێرشەکەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لێکۆڵینەوەیان بەرامبەر ئەو ھێزە دەستپێکردووە کە ناوچەی عامریەی بەغدادیان بەدەستەوەیە  و لەو ناوچەیەوە مووشەکەکان ئاراستەکراون،  جەختیشکراوەتەوە لەوەی ھەرکەسێک بوێری ھەبێت ھەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری بدات، بە توندی لێپرسینەوەی لەگەڵدەکرێت.

شەوی رابردوو لەڕێگەی سێ موشەکەوە بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا کە ھێزەکانی ئەمریکای تێدایە لەناو فڕۆکەخانەی بەغداد کرایە ئامانج، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو.