بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی ھەنگاو، مانگی ڕابردوو لانیکەم ھەشت کۆڵبەر لە سنورەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کوژراون و بریندارکراون.
ڕێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە ماوەی مانگی ئەیلولدا لەسنورەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، یەک کۆڵبەر کوژراوە و کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی پاوەش کە ساڵی ڕابردوو لە ئەنجامی تەقەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بڕبڕەی پشتی پچڕابوو لە رۆژی ٢٠ی ئەیلولدا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، ھەروەھا شەش کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ٨٧.٥٪ی سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراو و برینداربوون.
ڕێکخراوی ھەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرترین ژمارەی کۆڵبەرانی قوربانی بە پێنج حاڵەتەوە لە سنورەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراوە و سێ حاڵەتی دیکەش لە پارێزگای کرماشان تۆمارکراوە.