لە ھێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر دیمەشق سێ کەس کوژران و نۆ کەسیش برینداربوون

2024-10-01   |  
فۆتۆ: 
شنیار
جارێکی دیکە سوپای ئیسرائیل ھێرشیکردە سەر چەند ناوچەیەکی دیمەشقی پایتەختی سوریا و بەھۆیەوە ١٢ کەس کوژران و برینداربوون.

سوپای سوریا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، چەند ناوچەیەکی دیمەشق روبەڕوی ھێرشی ئیسرائیل بوونەتەوە، ھەرچەندە ھێرشەکان لەلایەن بەرگری ئاسمانی سوریاوە بەرپەرچدراونەتەوە، بەڵام بەھۆیانەوە سێ ھاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نۆی دیکەش برینداربوون، ھەروەھا ھێرشەکان زیانی ماددی زۆریان لێکەوتووەتەوە .

ھاوکات سەرچاوەیەکی سەربازیی رایگەیاندووە ، ھێرشەکان سەعات ٢:٠٥ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکە جەنگی و درۆنەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون و چەند ناوچەیەکی دیمەشقیان کردووەتە ئامانج، بەڵام زۆرینەی ھێرشەکان لەلایەن بەرگری ئاسمانی سوریاوە بەرپەرچ دراونەتەوە.

تەلەفزیۆنی سوریاش کوژرانی یەکێک لە بێژەرە کچەکانی بەناوی "سەفا ئەحمەد" بەھۆی ھێرشەکەی ئیسرائیلەوە راگەیاندووە.