ڕێکخراوی ھیومان ڕایتس وۆچ داوا لە حکومەتی عیراق دەکات، گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس و تیرۆریستانی داعش ھەڵبداتەوە.
ئەو ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، تەرمی سەدان ھەزار لە قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٨و تیرۆریستانی داعش لە ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندان و دەرنەھێندراونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین تاوانی مەترسیداریان بە دەستی داعش تۆمارکردووە، ھەروەھا ھاوکاری نوسینگەی کاروباری پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پزیشکی دادی سەر بە حکومەتی عیراق دەکات، لە بەدواداچوون لە ٦٧ گۆڕدا، کە پەیوەندییان بە سەردەمی داعشەوە ھەیە.
بەپێی ئامارێکی ناوەندی ستراتیژی مافی مرۆڤ لە عیراق، ٤٠٠ ھەزار کەس لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عیراقدان و وڵاتەکە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ونبووی لە جیھاندا ھەیە کە ژمارەیان بە ٢٥٠ ھەزار کەس بۆ یەک ملیۆن دەخەمڵێندرێت.