وەزیری دەرەوەی عێراق: لە چەند ساڵی داھاتوودا غاز ھەناردەی دەرەوە دەکەین

2024-03-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، حکومەت بەرنامەی ھەیە لە چەند ساڵی داھاتوودا ھەناردەی غاز بۆ دەرەوە دەستپێبکات.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئانتاڵیادا ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا حکومەتی وڵاتەکەی ھەنگاوی گرنگی ناوە بۆ فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات ئەویش لەرێگەی فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوریی و بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، یەکێکی دیکە لە کارنامەکانی حکومەت بریتییە لە ھەناردەکردنی غاز بۆ دەرەوە لە چەند ساڵی داھاتوودا، بۆ ئەو مەبەستەش بەگرنگی دەزانێت عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەیوەندییەکانی پتەو بکات و ھەموانیش لەبواری ئابوریدا بەدوای دەرفەتی ھاوبەشدا دەگەڕێن.