کشتوکاڵی عێراق چەند ڕێکارێکی بۆ هەرزانکردنی نرخی گۆشتی سور راگەیاند

2024-03-01   |  
فۆتۆ: 
ئاکام
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق مەرجەکانی ھاوردەکانی گۆشتی سوری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم ھەنگاوە کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

محەمەد خوزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، پێویستە ئەو وڵاتەی گۆشتەکەی لێ ھاوردە دەکرێت ئەندامی رێکخراوی تەندروستی جیھانی بێت و ھەروەھا بۆ دڵنیابوونەوەش لە تەندروستی ئەو ئاژەڵانەی ھەناردەی وڵات دەکرێن، تیمە تەندروستییەکان سەردانی ئەو وڵاتانە دەکەن تا بزانن ئاژەڵەکان ھەڵگری ھیچ جۆرە نەخۆشیەک نین.

وتیشی، جارێکی دیکە لەسەر سنوری عێراق  و لە رێگەی تیمە تایبەتەکانیانەوە پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، گرتنەبەری رێکارەکان کاریگەرییان لەسەر دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور دەبێت و نرخەکان دەستیان بە دابەزین کردووە و نرخی گۆشتی مەڕ بە (٢٠) ھەزار دینار و گۆشتی گوێرەکەش بە (١٥) ھەزار دینار لە بازاڕەکاندا بە ھاووڵاتیان دەفرۆشرێت.