بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید رێکارەکانیان بۆ دروستکردنی ھەژماری بانکی مووچەخۆران دەستپێکرد

2024-03-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بانکەکانی رافیدەین و رەشید رێکارەکانیان بۆ کردنەوەی لقی بانکی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکرد بۆ دروستکردنی ھەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم.

سەرچاوەیەک لە بانکی رافیدەین بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ بەنیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، لەچەند رۆژی رابردوودا رێکارەکانی کردنەوەی لقێکی بانکەکەیان لە شاری ھەولێر دەستپێکردووە و لەئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتووشدا ھەردوو بانکی رافیدەین و رەشید لقی خۆیان لە سلێمانی بکەنەوە و رێکارەکانی دروستکردنی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم دەستپێبکەن.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئاشکراشیکردووە، ھەردوو بانکی رافیدەین و رەشید ئامادەییان نیشانداوە لەماوەیەکی کەمدا ھەژماری بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێم دروستبکەن و لەمانگی ئاداری ئەمساڵیشەوە مووچەکانیان لەڕێگەی کارتی بانکیەوە پێدەدرێت.