بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ماڵێك لە كەلار كرایە ئامانج و بەهۆیەوە كەسێك گیانیلەدەستدا

2024-03-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا، ماڵێك لەناو سەنتەری قەزای كەلاردا كرایە ئامانج و بەهۆیەوە كەسێك گیانیلەدەستدا.

عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ماڵێك لە گەڕەكی شەهیدانی قەزای كەلار كراوەتە ئامانج و بەهۆی هێرشەكەوە كەسێك گیانیلەدەستداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ماڵەی بۆردومانكراوە، دوو نهۆم بووە و ئەو كەسەی كوژراوە لە نهۆمی دووەمی ماڵەكەدا بووە، جگە لە زیانی گیانیش، زیانێكی زۆری ماددی بە بەر ماڵەكە كەوتووە.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشكرد، هێزە ئەمنییەكان چوونەتە شوێنی رووداوەكە و لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە.