سودانی لەگەڵ لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە

2024-02-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بڕیارە ھەفتەی داھاتوو، بۆ جاری دووەم سودانی لەگەڵ لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە.

ئەحمەد رەمزی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، رۆژی یەکشەممەی داھاتوو لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ سودانی کۆدەبنەوە بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازەکانیان و کار و بەرنامەی ھەر یەکێک لەو لایەنانە، لەگەڵ میکانیزمی پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی و رێککەوتن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.

وتیشی، لایەنەکان پێویستیان بەوەیە کاتێکیان بۆ دیاریبکرێت بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەربکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات بەبێ ئەوەی سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگار ھەڵبژێرێت و بە کراوەیی کۆتایی بە کۆبوونەوەکە بێت بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆ لەبەردەم ھێزە سیاسیەکاندا بکاتەوە.

رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە بەسەرپەرشتی سودانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی، لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوە و لەسەر ئامادەکردنی کارنامەیەکی ھاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە رێککەوتن.