بە بڕیاری سودانی تەلبەندکردنی سنوری نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران راگیرا

2024-02-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سودانی تەلبەندکردنی سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێرانی راگرت و وەزارەتی ناوخۆی راسپارد پێداچوونەوە بە پڕۆسەکەدا بکات و ناڕەزایی گوندنشینان بەھەند وەربگرێت.

دوابەدوای دروستبوونی ناڕەزایی لەسەر پرۆسەی تەلبەندکردنی سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراقی یاداشتنامەیەکی لەوبارەیەوە، ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، کە ھەریەک لە عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی، مامۆستا جەعفەر، کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ناوەرۆکی یاداشتنامەیەکیان گەڵاڵەکردبوو.

کاروا یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە وەڵامی یاداشتەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتنی پرۆسەی تەلبەنکردنی سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران و وەزارەتی ناوخۆشی راسپارد، پێداچوونەوە بە پرۆسەکەدا بکان و ھەموو ناڕەزاییە گوندنشینان لەبارەی زەوی و زارەکانیان بەھەند وەربگیرێن.

تەلبەندکردنی سنورەکان لەگەڵ ئێران لە قۆناغی یەکەمدا لەسنوری ناحیەکانی مەیدان و قۆرەتووی ئیدارەی گەرمیانەوە دەستی پێکردووە بەدرێژی ٢٧٥ کم تاوەکو قەزای پێنجوێن و جوتیاران و گوندنیشینانیش دەڵێن بەھۆی پڕۆسەکەوە بەشێک لە زەوییەکانیان لەدەستدەدەن.