سودانی سەردانەکەی بۆ دوبەی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی نێودەوڵەتی حکومەتەکان ھەڵوەشاندەوە

2024-02-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانەکەی بۆ دوبەی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی نێودەوڵەتی حکومەتەکان ھەڵوەشاندەوە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سودانی ئەو سەردانەی ھەڵوەشاندووەتەوە و بەشداری لوتکەی نێودەوڵەتی حکومەتەکان لە دوبەی ناکات، کە بڕیار بووە لەو لوتکەیە ئامادە بێت و وتارێک پێشکەش بکات. 

سەرچاوەکە ھۆکاری بەشداری نەکردنی سودانی روون نەکردەوە، بەڵام میدیاکان دەڵێن، بەھۆی ھەندێک پێشھاتی نوێ و رەوشی عێراقەوە داوای لێبوردنی کردووە  وتویەتی ناتوانێت لەم کاتەدا عێراق بەجێبھێڵێت. 

لوتکەی نێودەوڵەتی حکومەتەکان لە دوبەی ئەمڕۆ دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دوێنێ گەیشتە دوبەی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکە و بڕیارە وتارێک پێشکەش بکات.