لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر ھەستیار

2023-12-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
راوێکارێکی سودانی دەڵێت لێکۆڵینەوەی ھەستیار و ورد لە بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کراوە، بەڵام بەم زووانە ئەنجامەکەی ئاشکرا ناکەن.

حسێن عەلاوی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، تائێستا دۆسێی بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی ھەواڵگریدایە و خودی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراقیش راستەوخۆ سەرپەرشتی و چاودێری دەکات، حکومەتی عێراقیش پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکان.

وتیشی، لێکۆڵینەوەکان لەو بۆردومانە گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر ھەستیار و ورد، بەڵام تا ئەو کاتەی دەگەنە سەرجەم بەڵگە و راستییەکان، ناتوانن ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بکەن لەبەر پاراستنی باڵیۆزخانەکان و گەیشتن بە ھەموو ئەوانەی لە پشت بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد بوون.

ئەو راوێژکارەی سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەو پێیەی نزیکەی ساڵێک بوو ھیچ ھێرشێک نەکرابووە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، حکومەتی عێراق بۆردومانەکەی ھەینی رابردوو بە مەترسییەکی گەورە دەزانێت.