سودانی: حکومەت و کۆمسیۆن بەردەوامن لە ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردن

2023-12-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت و کۆمسیۆن بەردەوامن لە کۆتا ئامادەکارییەکان بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بۆ ئەو مەبەستەش ھەفتەیەک خوێندنگاکان رادەستی کۆمسیۆن دەکرێن.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی ئاگاداربوون لە کۆتا ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و عەباس فەتلاوی، سەرۆکی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکان کۆبووەوە. 

نوسینگەی سەرۆک وەزیران دەڵێت، لەکۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی کردەوە لەسەر پەرۆشی حکومەت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن، چونکە مافێکی دەستوورییە و پێویستە ھەموو ئامادەکارییەکانیش گەرەنتی سەرخستنی ھەڵبژاردنەکە بکەن، تا ھەڵبژاردنێکی  دادپەوەرانە بێت و رەنگدانەوەی خواستی ھاوڵاتیان بێت.

ئەوەشی خستوەتەڕو، ڕۆژی ١٢ی کانوونی یەکەم دیاریکرا وەک وادەی ڕادەستکردنی خوێندنگاکان بە کارمەندانی کۆمسیۆن، بەمەبەستی ئامادەکردنی پێداویستییەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن و ڕاگرتنی دەوامی فەرمی لە قوتابخانەکان بۆ ماوەی ھەفتەیەک، ھەروەھا ڕاگرتنی دەوامی رەسمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی کانونی یەکەمدا، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە دانیشتنی داھاتوودا پەسەند دەکرێت.