باسم خەشان: حەلبوسی لانی کەم ساڵێک زیندانی دەکرێت

2023-12-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
باسم خەشان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشبینی کردووە سزای زیندانی لانی کەم ساڵێک بەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی دوورخراوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بسەپێندرێت.

باسم خەشان رایگەیاند، ئەگەری زیندانیکردنی حەلبوسی لە ئارادایە، چونکە حزبی تەقەدوم کە حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات، رێککەوتنێکیان کردووە بۆ پێدانی ٦٠٠ ھەزار دۆلار و تەحویلکراوە بۆ کۆمپانیای بی جی ئاڕ، بەبێ رەزامەندی نوسینگەی کاروباری حزب و رێکخراوە سیاسییەکان.

وتیشی، ئەو تاوانە بەپێی یاسا سزای زیندانی لەسەرە کە لە ساڵێک کەمتر نییە و لە سێ ساڵیش زیاتر نییە، چونکە بەپێی ماددەی ٥٠ لە یاسای حزبە سیاسییەکانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٥، ھەر لێپرسراوێک پارەی حزبەکەی بنێرێت بۆ رێکخراو یان کەسێک یاخود بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ رەزامەندی نوسینگەی حزب، سزا دەدرێت.

خودی حەلبوسیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، ئەو سکاڵایانەی لەسەری تۆمارکراون سیاسین و پێش ھەڵبژاردن خۆیی و حیزبەکەی بە ئامانج گیراون، لە ھیچ دۆخێکدا عێراق جێناھێڵێت و دادگاش ھەر بڕیارێک بدات پابەندی دەبێت.