وادەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ جێگرەوەی حەلبوسی دیاریدەكرێت

2023-11-30   |  
فۆتۆ: 
لاوان
سەرکردەیەکی چوارچێوەی ھەماھەنگی رایدەگەیەنێت، لەماوەی ٤٨ سەعاتی داھاتوودا وادەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەوەی حەلبوسی دیاریدەکرێت.

تورکی عەتەبی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جموجۆڵە سیاسییەکان بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەوەی حەلبوسی دەستیپێکردووە و لەماوەی ٤٨ سەعاتی داھاتووشدا، وادەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریدەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێکی زۆر لە ھێزە سوننەکان لەگەڵ ئەوەن رۆژی یەکشەممەی داھاتوو ٢ی کانوونی یەکەم ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنەکە ئەنجامبدات، بەڵام تائێستا ئەو وادەیە یەکلایی نەکراوەتەوە.

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی ھەماھەنگی وتیشی، ھێزە سوننەکان پابەندن بەو کاندیدانەی خستوویانەتەڕوو و ئەوەش رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵببژێرێت.