وەزارەتی بازرگانی : نزیکەی ٢٣٣ ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتووەتە ھەرێم

2023-09-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی بازرگانی ھەرێم رایگەیاند، نزیکەی ٢٣٣ ملیاری دینار پارەی ئەمساڵی گەنمی جوتیارانی ھەرێم گەیشتووە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا بڕی ١٧٨ ملیاری دیکە دەگاتە ھەرێم.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆی ٤١١ ملیار و ٢٤ ملیۆن و ١٩٦ ھەزار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی ئەمساڵ، تاکو ئێستا حکومەتی عێراق نزیکەی ٢٣٣ ملیار دیناری ناردووە و بەپێی رۆژی وەرگرتنی گەنمەکانیان بەسەر جوتیاراندا دابەشدەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە داھاتوودا ئەو بڕە پارەیەی لە پارەی گەنمی جوتیاران ماوەتەوە، کە ١٧٨ ملیار و ٢٤ ملیۆن و ١٩٦ ھەزار دینارە، لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دەخرێتە سەر ھەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم و دواتر بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکرێت.