بایدن: یەکەم کاروانی تانکی ئەبرامز لە ھەفتەی داھاتوو دەگاتە ئۆکراین

2023-09-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ رووبەڕوبوونەوەی ھێزەکانی روسیا، ھەفتەی داھاتوو یەکەم کاروانی تانکی ئەبرامز دەگاتە ئۆکراین و رەزامەندیشیان لەسەر ناردنی ھاوکاری دیکەی سەربازی داوە.

بایدن لە کۆشکی سپییەوە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین ئاشکرایکرد، ھەفتەی داھاتوو تانکی ئەبرامز ئێم ١ دەگاتە ئۆکراین، رەزامەندیشیان داوە لەسەر ھاوکاری سەربازی دیکە بۆ ئۆکراین بە بڕی ٣٢٥ ملیۆن دۆلار، کە ھاوکارییەکان مووشەکی بەرگری ئاسمانی و چەک و تەقەمەنی سیستمی ھایمارس و چەکی دژە تانک و ھاوەن لەخۆدەگرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، واشنتۆن بەڵێنیدا بە رادەستکردنی ٣١ تانکی ئەبرامز بە کیێڤ، ئەوەش لە چوارچێوەی ھاوکارییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە، کە یەکێکە لە بەھێزترین و قورسترین تانکەکان لە جیھاندا و کێشی زیاتر لە ٦٠ تۆن دەبێت. 

بەڵام بەشێک لە لێپرسراوانی سەربازی ئەمریکا دەڵێن، تانکی ئەبرامز ئاڵۆزە و لەگەڵ توانای ھێزەکانی ئۆکراین ناگونجێت.