لە سەروبەندی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە سەرەتا ئەم ھەفتەیەوە نۆ ھاوڵاتی کورد دەستگیرکراون، کە مێردمنداڵ و خوێندکار لەنێویاندا ھەیە و چارەنووسیان نادیارە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، لە سەروبەندی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی ھێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئسلامی ئێران، لەسەرەتای ئەم ھەفتەیەوە نۆ ھاوڵاتی کوردی خەڵکی شارەکانیی قورە و سرێشاوە لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزەکانی سوپای ئیتڵاعاتەوە دەستگیرکراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەنێوان دەستگیرکراوەکاندا دوو مێردمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ و خوێندکار ھەن، کە بەبێ ھیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی دەستگیرکراون.
رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندووە، ھیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئەو ھاوڵاتییە کوردانەی پێ دەستگیرکراون لەبەردەستدا نییە و لەئێستاشدا چارەنووسیان نادیارە.