باسم غەریباوی: کار بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای نەوت و غاز دەکەین

2023-06-10   |  
فۆتۆ: 
ڕێبوار
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە و دەستپێکردنەوەی وەرزی یاسادانان دەستدەکرێت بە کارکردن بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاسای نەوت و غاز، جەختیشیکردەووە، بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە ھەرێم و بەغداد ناکۆکییەکانیان لەبارەی ژمارەیەک پرۆژە یاسای ناکۆکی لەسەر تێدەپەڕێنن.

باسم نەغیمش غەریباوی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سەرچاوە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، چوار کێشەی درێژخایەن ساڵانە لە نێوان ھەرێم و بەغداد دووبارە دەبنەوە لەوانە پرۆژە یاسای بودجە کە ساڵانە پەسەندکردنی دوادەکەوێت، ھۆکارەکەشی ئەوەیە لەسەر چەند پرۆژە یاسایەکی ناکۆکی لەسەر وەک یاسای نەوت و غاز و ماددەی ١٤٠ و داھاتە نانەوتییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتوون و بە پەسەندکردنیان کێشە گەورەکە چارەسەر دەبێت.

رونیشیکردەوە، دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە و دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان دەستدەکرێت بە کارکردن بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاسای نەوت و غاز کەلە ئێستادا حکومەت کاری لەسەر دەکات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز راشیگەیاند، پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز یەکێکە لە بەندەکانی کارنامەی وزاری کە ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر پەسەندکردنی رێککەوتووە.

ئاشکراشیکرد، حکومەت بە نزیکەیی کارە ھونەرییەکانی پرۆژەکەی تەواو کردووە، بەڵام ئەو ماددانەی ناکۆکی سیاسییان لەسەرە یەکلانەکراونەتەوەو لیژنەکەیان سەردانی مەیدانی لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرۆژە یاساکە و وەرگرتنی پاڵپشتی سیاسی پێویست بۆ تێپەڕاندنی.