ھەدەپە و پارتی چەپی سەوز ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا تاوتوێ دەکەن

2023-06-06   |  
فۆتۆ: 
هادی
ئەنجوومەنی سیاسیی ھەدەپە و پارتی چەپی سەوز رایانگەیاند، لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا تەواوی تواناکانی دەوڵەت لە دژی حزبەکەیان خرانە گەڕ و رێکخستنەکانیان رووبەڕووی ھێرش بوونەتەوە.

ئەنجوومەنی سیاسیی پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە"و پارتی چەپی سەوز بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لە ناوەندی بازرگانیی جیھانی لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.

ئیبراھیم ئاکن ھاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ئەوەی پەیوەندی بە ئەوانەوە ھەیە چوونەتە ناو پرۆسەی ھەڵسەنگاندنێکی چڕەوە، لە میانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا دووچاری ھەڵسوکەوتی دژەدیموکراسییەت و نادادی و کاری نایاسایی بوونەتەوە.

وتیشی، تەواوی تواناکانی دەوڵەت لە دژی حزبەکەیان خرانە گەڕ، حزبەکە و رێکخستنەکانیان دووچاری ھێرشێکی توند بوونەتەوە، ھەوڵیشیانداوە رێوشوێنی پێویست بەرامبەر تەواوی ھێرشەکان بگرنە بەر، بەڵام ئەو سیاسەتەی گرتیانە بەر وەک پێویست نەبوو، لەبەرئەوە پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، بە تێکڕایی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆماردا ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتوونەبوو، ٥٠٪ی گەل بۆ گۆڕینی ئەو رژێمە ھاتنە مەیدان و لەو خەباتەش بەردەوام دەبن.