دوو رۆژ دوای بڕیارەکەی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت، نرخی نەوت دابەزینی تۆمارکرد.
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیھاندا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت، دابەزینی تۆمارکرد و بە ٧٥ دۆلار و ١٥ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا.
نەوتی تەکساسیش، زیاتر لە ٢٥ سەنت دابەزی و بە ٧٠ دۆلار و ٥٢ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت، ٢.٦ دۆلار و نەوتی تەکساس ٣.٣ دۆلار بەرزبووەوە، بەھۆی بڕیاری رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت.
شارەزایانی ئابوری و نەوتیش دەڵێن، سەرباری بڕیارەکەی ئۆپیک پڵەس، بەڵام پێناچێت کاریگەری زۆری ھەبێت، چونکە ئامانجی بەرھەمھێنانی وڵاتانی روسیا و ئەنگۆلا و نەیجیریا گۆڕاوە، بۆیە گۆڕانکارییەکانی کاریگەری زۆر لەسەر خستنەڕووی نەوت دانانێن.