زانیاری نوێ لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم ئاشکرا دەکرێت

2023-06-02   |  
فۆتۆ: 
ئایار
دوای نزیکەی دوو مانگ لە رێککەوتنی ھەولێر و بەغداد، ھێشتا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە و گفتوگۆکانی عێراق و تورکیاش لەو بارەیەوە بەردەوامن.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ھێشتا لەگەڵ تورکیا لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان.

ھەروەھا وەزیری نەوت لەبارەی بازاڕەکانی وزە لە جیھاندا وتی، ھاوپەیمانیی ئۆپیک پڵەس سڵ لە ھیچ بڕیارێک ناکاتەوە، کە ھاوسەنگی زیاتر بۆ بازاڕەکانی نەوت دەستبەربکات و بڕیارێک بدەن لە بەرژەوەندی بەکاربەران و بەرھەمھێنەران و وەبەرھێنەرانی بواری نەوت بێت.

رۆژی ٢٥ی مانگی ئاداری ئەمساڵ، دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا لەسەر داوای عێراق ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی لە رێگەی بۆری جەیھانەوە راگرت، ھەرچەندە چواری مانگی نیسان، ھەولێر و بەغداد رێککەوتن کە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و لە بەندەری جەیھانەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تائێستا ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستیپێنەکردووەتەوە.