لەروسیا پەیامنێرێکی رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی دەستگیرکراو بە بڕیاری دادگا بۆ ماوەی دوو مانگ دەستبەسەر دەبێت و ئەمریکاش داوا لە ھاووڵاتیانی دەکات بە پەلە روسیا جێبھێڵن.
دادگای ناوچەی لیڤۆرتوڤۆ لە رۆژھەڵاتی مۆسکۆ، ھاووڵاتیەکی ئەمریکی بەناوی (ئیڤان گرشکۆڤیچ) کە وەک پەیامنێر کاری بۆ رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ کردووە دادگایی کردو بڕیاریدا بۆ ماوەی دوو مانگ دەستبەسەربێت و لەسەر دۆسیەی سخوڕی بۆ ئەمریکا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
دەستەی ئاسایشی فیدراڵی روسیا بەرەبەیانی ئەمرۆ رۆژنامەنوسە ئەمریکییەکەیان لە شاری ( یکاتیرینبۆرگ) دەستگیرکردووە کەبەوتەی دەستەکە بە پێی رێنمایی ئەمریکا ھەوڵیداوە زانیاری نھێنی لەسەر چالاکییەکانی یەکێک لە کۆمپانیاکانی سەر بە کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی روسیا کۆببکاتەوە.
لەکاردانەوەیەکیشدا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی قوڵی وڵاتەکەی لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسەکە راگەیاند. کارین جان بییەر وتەبێژی کۆشکی سپیش داوای لە ھاووڵاتیانی ووڵاتەکەی کرد دەستبەجێ خاکی روسیا جێبھێڵن.