چوار ماددە زیادکراوەکەی بەشەخۆراکی مانگانە دابەشدەکرێت

2023-03-22   |  
فۆتۆ: 
هیوا
لەگەڵ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی رەمەزاندا، چوار ماددە بۆ بەشەخۆراکی ھاووڵاتیان زیادکراون، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراکیش لە سلێمانی دەڵێت، بەمزوانە دەست بە دابەشکردنی ئەو ماددە خۆراکیانە دەکرێت.

شەوکەت محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی،  بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ مانگی رەمەزان چوار ماددەی بۆ بەشەخۆراکی مانگانەی ھاووڵاتیان زیادیکردووە، کە بریتین لە ١٠ کیلۆگرام ئارد، یەک تەبەق ھێلکە، کیلۆگرامێک شەعریە و نیوکیلۆگرام نیشاستە بۆ ھەر خێزانێک.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و لە سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین ٥٣٨ ھەزار خێزان سودمەنددەبن، چاوەڕێشدەکرێت لەچەند رۆژی داھاتوودا ئەو ماددانە بگەن و راستەوخۆ دەستدەکرێت بە دابەشکردنیان.