وەزارەتی دارایی دۆسیەی ٤١٨٩ مووچەخۆر ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات
2023-03-19
|
کوردسات نیوز
وەزارەتی دارایی دۆسیەی ٤١٨٩ فەرمانبەر و خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات کە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان وەرگرتوە.
بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بەلیستی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ژمارەیان ١٠ ھەزار و ٨١٩ مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکلایی کردنەوەی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی دەرکەوت کە ٤١٨٩ دۆسیەیان بەنایاسایی دوو مووچەیان ھەبووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری دۆسیەی سەرجەم ئەو مووچە خۆرە نایاساییانە بە داتاو زانیاری تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان دەکات تا لە ڕێگای دەستەکانیانەوە ووردبینی لە ڕێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە مووچانە بکەن کەلە دوای یەکی تەمووزی ٢٠٢٠ بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە، پێویستە بەزوترین کات لێیان وەربگیرێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
|