نوێترین زانیاری لە بارەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردن ئاشکرا دەکرێت

2023-03-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردن لەکۆتایی نزیک دەبێتەوە و سبەی یەکشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەکە دەدات، بەگوێرەی پڕۆژەکە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ھەر ١٥ پارێزگاکەی عێراق (جگە لە چوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان) لەسەر بنەمای سانت لیگۆی ١.٦ ئەنجام دەدرێت.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەی یەکشەممە ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنەکان دەدات، دوای ئەوەی زۆرینەی لایەنەکان لەسەر رەشنوسی پڕۆژەکە گەیشتن بە رێککەوتن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ھەر ١٥ پارێزگاکەی عێراق (جگە لە چوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان) لەکۆتایی ئەمساڵ یان چارەکی یەکەمی ساڵی داھاتوو ئەنجام دەدرێت، فراکسیۆنی یەکێتیش جەخت لە زیاتر دوانەخستنی ھەڵبژاردنەکە دەکاتەوە و پشتیوانی پەسەندکردنی یاساکە دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لایەنە سیاسییەکانی عێراق رێککەوتون ھەڵبژاردن بەھەمان شێوازی ساڵانی ٢٠١٠ و٢٠١٤ و٢٠١٨ ئەنجام بدرێت و پشت بە بنەمای سانت لیگۆی ١.٦ دەبەسترێت، لەجێگەی ١.٩ ئەوەش رێژەیەکی ناوەندییە و لەبەرژەوەندی کاندیدە سەربەخۆ و ئەو پارتانە دایە کە ئاستی جەماوەرییان مام ناوەندییە، ھەروەھا بەگوێرەی رێککەوتنی لایەنەکان ھەر پارێزگاک دەکرێتەوە بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.