ئەمریکا جەخت لە پێنەدانی فڕۆکەی ئێف ١٦ بە ئۆکراین دەکاتەوە

2023-03-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆشکی سپی ئەمریکا، جەخت لە بڕیارەکەی بۆ پێنەدانی فڕۆکەی ئێف١٦ بە ئۆکراین دەکاتەوە و دەڵێت، رێگری لە ھیچ وڵاتێک ناکات کە بیەوێت فڕۆکە بداتە ئۆکراین.


جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن بەھیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لە بڕیارەکەی نەکردووە لەبارەی پێنەدانی فڕۆکەی ئێف ١٦ بە ئۆکراین و بڕیارەکەی ھەردوو وڵاتی پۆڵەندا و سلۆڤاکیاش بە مەبەستی پێدانی فڕۆکەی جەنگی میگ٢٩ی سۆڤیەتی بە ئۆکراین، ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیارەکەی ئەمریکا نابێت و بەنیاز نییە گۆڕانکاری تێدا بکات.

وتیشی، رێزی ئەو بڕیارەی پۆڵەندا و سلۆڤاکیا دەگرن بەو پێیەی بڕیارێکی سیادییە و ھیچ وڵاتێک بۆی نییە دەستلەکاروباریان وەربکات و ئەمریکاش رێگری لەھیچ وڵاتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ھاوکاری ئۆکراین بکات تەنانەت بە پێدانی فڕۆکەی جەنگیش.