ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد دەکات

2023-02-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوا لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات فشار بخاتە سەر بەرپرسانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

مایکڵ مکۆڵ، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ناردووە نیگەرانی خۆی لە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق خستووەتەڕوو و دەڵێت، کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی عێراق و گەشەپێدانی ئابووری لە وڵاتەکەدا، بۆیە پێویستە بەرپرسانی عێراق بەجۆرێک کێشەکانیان چارەسەر بکەن کە پاڵپشتی وڵاتەکە بکات و سوودی بۆ گەلانی عێراق ھەبێت.

مایکڵ مکۆڵ، نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی عێراق گەیاندووەتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە بڕیاریدا بە رەوانەنەکردنی ٤٠٠ ملیارەکە بۆ ھەرێم، مکۆڵ دەڵێت، کێشە دەستوورییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ئاسۆی ئاشتەوایی لەنێوان ھەردوولا کەمدەکەنەوە و دەبێتە ھۆی نەمانی متمانە لەنێوان عێراقییەکاندا.

بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ھەروەھا دەڵێت، پێویستە بەرپرسانی عێراق و ھەرێمی کوردستان پابەندبن بە کارکردنی ھاوبەش لەنێوانیاندا و ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بدەن کە ساڵانێکە لە نێوانیاندا ھەیە بە تایبەت ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە سەرچاوە سروشتییەکانەوە ھەیە.