بۆ یەکەمجار لە دوای ٢٠ ساڵ ، کەشتی فرۆکە ھەڵگرێکی بەریتانی کە گەورەترین ھێزی دەریایی و ئاسمانیی بەرێوەدەبات ، بەشداری لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە داعش دەکات لە عێراق .
فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردوە ، ژەنەراڵ "کینیز ماکێنزی" فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا سەردانی کەشتی "ئێچ ئێم ئێس کوین ئیلیزابێسی" کردوە کە گەورەترین کەشتی فرۆکە ھەڵگرە و لەمەودوا بەشدار دەبێت لەو ئۆپراسیۆنانەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی شانە نوستوەکانی داعش ئەنجامی دەدات .
فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا پێشوازی لەو ھەنگاوە کردوە و رایگەیاندوە ئەو فرۆکانەی لەو کەشتیەوە پێیان دەگات ،، لە ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە داعش بەکاردەھێنرێن و دوپاتیشکراوەتەوە کە تەواوی ئۆپراسیۆنەکان لەسەر داوای حکومەتی عێراق ئەنجام دەدرێن .