لە داقوق شەڕ لەنێوان جوتیارانی کورد و عەرەبە ھاوردەکان روویدا

2022-12-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
جارێکیتر عەرەبە ھاوردەکان لە شارۆچکەی ھەفتەغار لە سنووری قەزای داقوق، ھەوڵیاندا زەوی جوتیارانی کورد بکێڵن، بەھۆی رێگری جوتیارە کوردەکانیش شەڕ لە نێوانیان روویدا و ژمارەیەک جوتیاری کورد بریندار بوون.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ جارێکیتر عەرەبە ھاوردەکان تراکتۆریان ھێناوە و ھەوڵیانداوە زەوی جوتیارە کوردەکانی سنووری ھەفتەغار بکێڵن، بەڵام جوتیارانی کورد و دانیشتووانی گوندەکان کۆبوونەتەوە و رێگریان لێکردوون و شەڕ لە نێوانیان دروستبوو.

پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، جوتیارە عەرەبەکان تەقەیان بەسەر جوتیارانی کورددا کردووە، ھەروەھا بە دار و بەرد رووبەڕووی یەکتربوونەتەوە و ژمارەیەک جوتیاری کورد و عەرەب بریندار بوون.

ئەوە جاری یەکەم نییە عەرەبە ھاوردەکان بە پشتیووانی ئیدارەی کەرکوک، ھەوڵی داگیرکردن و کێڵانی زەوی جوتیارانی کورد لە سنوری کەرکوک بدەن و لە ماوەی رابردووشدا چەندینجار لە ھەفتەغار و سەرگەڕان ھەوڵی داگیرکردنی زەوی کوردیان داوە.