تورکیا ناوەندی ناحیەی زرگانی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکرد

2022-12-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
تورکیا ناوەندی ناحیەی زرگانی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکرد، خۆبەڕێوەبەریی باکووری رۆژھەڵاتی سوریاش ھەڵمەتێک بۆ سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێدەکات.


ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە، تورکیا ئەم بەیانییە بە تۆپ و ھاوەن ناوەندی ناحیەی زرگانی لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکردووە، بەڵام ھیچ ئاماژەیەکی بە زیانەکانی بۆردومانە نەکردووە.

لە لایەکی ترەوە لوقمان ئەحمی وتەبێژی خۆبەڕێوەبەریی باکووری رۆژھەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە رۆژی ١٠ی ئەم مانگەوە ھەڵمەتێک بۆ سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە ناوچەکەیان دژی بۆردومانە ئاسمانییەکانی تورکیا دەستپێدەکەن، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن پشتیووانیان بکەن.

تورکیا لە رۆژی ٢٠ی مانگی رابردووەوە ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و رۆژانە سەنتەری گوند و شارەکانی رۆژئاوای کوردستان بە درۆن و چەکی قوورس بۆردومان دەکات.