سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەوە

2022-12-02   |  
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆبونەوەی ھەرسێ سەرۆکایەتیی لە کۆشکی سەلام بەڕێوەچوو و جەختکرایەوە لەسەر پێویستی ھەماھەنگی ھەمەلایەنە و یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی.

کۆبونەوەی ھەرسێ سەرۆکایەتیەکە ، رۆژی پێنجشەممە ١ی دیسمبەری ٢٠٢٢، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، کە بەڕێزان سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان ئامادەی بوون. 

 لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتی سیاسی و ئابووری و ئەمنی وڵات کرا، ھەروەھا ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری خۆی تاوتوێکرا بە شێوەیەک کە دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان مسۆگەر بکات.

 لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی یەکخستنی گوتاری سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا پێویستی دانانی ئەو قانونانە کرایەوە کە لە ڕێککەوتنە سیاسییەکەدا رەزامەندیان لەسەر دراوە لە ماوەی دیاریکراودا بە قانون بکرێن. 

 ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی سوربون لەسەر سازکردنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی داھاتوودا، وەک ئەوەی لە بەرنامەی کاری حکومەتدا جەختی لەسەر کراوەتەوە.

 ھاوکات باس لە بارودۆخی ئابووری وڵات کرا، تەئکیدیشکرایەوە لەسەر پێویستی دانانی قانونی بودجە، ھەروەھا گرنگی بەھێزکردنی ڕێکارەکان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەھێزکردنی ھەنگاوەکانی چاکسازی.

 ھەر لە درێژەی ئەو دیدارەی سێ سەرۆکایەتیەکەدا، تاوتوێی بارودۆخی ئاوارەکان لە وڵات کرا، ھاوکات کۆبوونەوەجەختیکردەوە لە سەر پێویستی ھەوڵدانی زیاتر بۆ کۆتاییھێنان بە ئازار و نەھامەتیەکانیان و کارکردن بۆ گە ڕاندنەوەیان بۆ سەرماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان بە شێوەیەک کە زامنی ژیانێکی شایستە و سەلامەت و سەقامگیریان بۆ بکرێت.