حکومەت لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی

2022-11-30   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
حکومەتی عێراق لە ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە دوا قۆناغەکان و ئەندامێکی لیژنەی دارایش بە پێویستی دەزانێت لە بودجەدا رێککەوتن لەبارەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم و داھاتی خاڵە سنورییەکان بکرێت.

موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتوویان تەواوکردووە و بەرپرسانی پەیوەندیداری ھەردوو وەزارەت بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران لە دوا قۆناغەکانن.

وتیشی، رێککەوتنی لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە ناو بودجەدا کاری لەسەر دەکرێت بەبێ ئەوەی زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت.

سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستانیش ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی جەختیکردەوە لە پێویستی رێککەوتنی ھەرێم و بەغداد لەسەر پرسی ھەناردەی نەوت و داھاتی خاڵە سنورییەکان.

رونیشیکردەوە، ھەمووان چاوەڕێن حکومەت لە مانگی داھاتوودا کۆتایی بە گفتوگۆکانی بودجە بھێنێت و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات.