دوو کۆچبەری عێراقی بەھۆی سەرماوە لە بێلاڕووس گیانیان لەدەستدا

2022-11-30   |  
فۆتۆ: 
ئایار
دوو کۆچبەری عێراقی بەھۆی سەرماوە لە بێلاڕووس گیانیان لەدەستدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە و ھێنانەوەی تەرمەکانیان پێکھێناوە.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دوو ھاووڵاتی عێراقی لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا، بەھۆی دابەزینی پلەکانی گەرما کە گەیشتووەتە ئاستی بەستنی تەواوەتی، گیانیان لەدەستداوە.

ئەحمەد سەحاف بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاماژەی بەوەکردووە، چونکە عێراق باڵیۆزخانەی لە بێلاڕووس نییە و کۆچبەرەکانیش لە خاکی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ کار بۆ ھێنانەوەی تەرمی کۆچبەرەکان دەکات و لیژنەیەکیش بۆ بەدواداچوون و ھێنانەوەی تەرمەکانیان پێکھێندراوە.

ساڵی رابردوو ھەزاران کۆچبەری خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھەوڵیاندا لە رێگەی بێلاڕووسەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بەھۆی داخستنی سنوورەکان، لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس گیریانخوارد و دواتر زۆربەیان گەڕێندرانەوە بۆ عێراق و ھەرێم.