ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سودانی لە ئێران

2022-11-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سودانی دەڵێت رێگە نادەن لە خاکی عێراقەوە ھەڕەشە لە ئێران بکرێت، خامنەییش دەڵێت، ئەو لێدوانەی سودانی بە گرنگ دەزانن.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئێرانی کردو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا رایگەیاند، رێگەنادەن خاکی عێراق بۆ ھەڕەشەکردن لە ئاسایش و ئارامی ئێران بەرکابھێنرێت، وتیشی، لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران رێککەوتوون لەسەر کاراکردنەوەی لیژنەی ئابوری ھاوبەش. 

سەرۆک کۆماری ئێرانیش وتی، پەیوەندی مێژوویی لەسەر بنەمای متمانە لەنێوان تاران و بەغداد ھەیە و پێگەی عێراقیش بۆ سەقامگیری ناوچەکە گرنگە.

دواتر سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆبووەوە و دوای گفتوگۆ لەسەر پرسە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات، خامنەیی رایگەیاند، لێدوانەکەی سودانی لەبارەی رێگەنەدان بە ھەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئێران لە خاکی عێراقەوە بە گرنگ دەزانن و ھیواداریش ھەردوولا لەسەر ھەموو ئەو بابەتانەی ھاوبەشن لەنێوانیاندا رێکبکەون.