دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ھەلی کار بۆ ھێزی کاری ناوخۆیی دابیندەکات و زمانی کوردیش دەکاتە زمانی یەکەم و سەرەکی لە شوێنە گەشتیارییەکان.
ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاریانداوە رێژەی ھێزی کاری ناوخۆیی لە کەرتی گەشتیاری بۆ ٧٥٪ بەرزبکەنەوە و لە قۆناغی یەکەمدا رێژەی ٣٠٪ لە شوێنە گەشتیارییەکان دەچەسپێندرێت و لە قۆناغەکانی داھاتووشدا بۆ ٧٥٪ بەرزدەکرێتەوە.
ھەروەھا بۆ پاراستنی شوناسی زمانی کوردی، بڕیاردراوە تابلۆ و مینۆی خواردنی ھۆتێل و چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان و تابلۆ ھەڵواسراوەکانی شوێنە گەشتیارییەکان، زمانی کوردی زمانی سەرەکی و یەکەم بێت، بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش پێویستە راھێنانی فێربوونی زمانی کوردی بە کارمەندانی کەرتی گەشتوگوزار بکرێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەو دوو بڕیارە لیژنەیەک لە بەڕێوەرانی دڵنیایی جۆری و تەکنیکی و گەشتیاری و ژمێریاری لە دیوانی دەستەی گەشتوگوزار پێکھێندراوە و لیژنەکەی سەردانی ھەر ھەشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتیاری دەکەن.