لیژنەی دارایی: سەرەتای ساڵی داھاتوو پڕۆژە یاسای بودجە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران

2022-11-28   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشبینیدەکات مانگی ئاداری ساڵی داھاتوو، پڕۆژە یاسای بودجە پەسەندبکرێت، کە بەپێی پێشبینییەکان بڕەکەی دەگاتە ١٥٠ ترلیۆن دینار.

"موعین کازمی" ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرەتای ساڵی داھاتوو پڕۆژە یاسای بودجە لە حکومەتەوە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، پێشبینیشدەکەن لە مانگی ئادار پڕۆژە یاساکە پەسەندبکرێت، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی دەکات و بیروڕا جیاوازەکان دەخرێنەڕوو. 

ھاوکات لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینیدەکەن پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە تائێستا لە وەزارەتی داراییە، بگاتە ١٥٠ ترلیۆن دینار و دەتوانرێت دامەزراندنی ٧٥ ھەزار پلەی وەزیفیشی تێدا جێگیربکرێت بە تایبەتیش دامەزراندنی ئەو کەسانەی خاوەنی بڕوانامەی باڵان لەگەڵ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان. 

راشیگەیاندووە، بەپێی پێشبینییەکانیان کورتھێنان لە بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق لە ١٠% تێناپەڕێت، یەکەم ساڵیش دەبێت کە عێراق قەرزاری کوەیت نابێت و لە بودجەدا پارەی بۆ دابین ناکرێت.