ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دوو تۆمەتباریان بە برینداری دەستگیرکرد کە بە دوو ئۆتۆمبێل خاڵی پشکنینی بازگەی سلێمانیان بەزاند و دوو کارمەندی ئاسایشیان بریندارکرد.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا ھێزەکانیان لە ئەرکی رەسمی و راپەڕاندنی رێکارە یاسایی و ئەمنییەکانی خۆیاندا بوون لە بازگەی سلێمانی، دوو ئۆتۆمبێل خاڵی پشکینینەکەیان بەزاندووە و ھەڵاتوون، دواتر شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوانیان روویداوە و دوو کارمەندنی ئاسایش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای گرتنەبەری رێکاری ئەمنی بەرامبەریان، تەقەکەرە بە برینداری دەستگیرکراوە و تۆمەتباری دووەمیش دوای وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی، دەستگیرکراوە.
دوای پشکنینەکان دەرکەوتووە لەناو ئۆتۆمبێلی یەکێک لە تۆمەتبارە ھەڵھاتووەکان بارێکی چەکی تێدابووە کە لە ٢٦٧ پارچە چەک و فیشەک و تەقەمەنی پێکھاتووە و تۆمەتبارەکە مەرامی بووە ھەڵبێت و لەدەرەوەی یاسا خۆی دەربازبکات.
بەپێی زانیارییەکان دەرکەوتووە، تۆمەتباری لەیاسا ھەڵھاتوو کە بەبرینداری دەستگیرکراوە، پێشتر لەلایەن دادگاوە داواکراو بووە، ھاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بریندارەکە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.