سبەینێ ھەینی رەشە بۆ فرۆشیاران و بۆ کڕیارانیش ھەینی سپییە

2022-11-24   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سبەینێ (٢٥/١١) ھەینی رەشە، و ساڵانێکە بووەتە ڕۆژێکی جیھانی لە بواری بازاڕگەریدا و بەسەرەتای وەرزی بازاڕکردن دادەنرێت.

لەم ڕۆژەدا مارکێت و ناوەندەکانی فرۆشتنی جلوبەرگ و شتومەک و خۆراک و زۆرێک لە پێداویستییەکانی دیکە داشکاندنێکی بەرچاو بۆ کاڵاکانیان دەکەن و خەڵکانێکی زۆریش چاوەرێی ئەم ڕۆژە دەکەن بۆ دەستەبەری پێداویستییەکانیان.

ھەینی رەش لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئەوروپا، بە سەرەتای دەستپێکی کڕینی دیاری جەژنی سەری ساڵیشەوە گرێدراوە، لەو ڕۆژەدا داشکانی زۆر گەورە دەکرێت بۆ کەلوپەلەکان و نرخەکان دادەبەزن بۆ نزمترین ئاست بەراورد بە یانزە مانگی ساڵ.

ھەینی ڕەش یاخود بلاک فڕایدەی لەم چەند ساڵەی دواییدا وەک ڕۆژی داشکاندنی تایبەت لە مۆڵە گەورەکانی ھەرێمی کوردستان بووەتە باو  و داشکاندنەکان لەم رۆژەدا سوودێکی زۆر بە کڕیارەکان دەگەیەنن.