ئەمڕۆ لەسەر داوای ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران، مانگرتنی گشتی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت.
ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران لە بانگەوازێکدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانان و چین و توێژەکانی سەرانسەری ئێران دەکات لەپێناو بە ھێزکردنی یەکگرتوویی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ مانگرتنی گشتی دەستپێبکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە دوو مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایی بە دروشمی (ژن ، ژیان، ئازادی) زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، کوردستانیش وەک ھەمیشە پێشڕەوی خەباتی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و بەشێکی گەورەی قوربانییەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستانن و چەند رۆژێکیشە ھێزە ئەمنییەکانی ئێران بەھەموو توانای خۆیانەوە پەلاماری خۆپیشاندەرانی رۆژھەڵات دەدەن.
ھاوکات گروپێکیش کە ناوی خۆیان ناوە "گەنجانی شۆڕش لە ئێران" داوایانکردووە ئەمڕۆ تەواوی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان دابخرێن و مانگرتنی گشتی رابگەیەندرێت، وەک پاڵپشتییەک بۆ شارە کوردییەکان.