خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە

2022-11-24   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە و چارەنووسی ھاوڵاتییەکی شاری مەریوان نادیارە و تەرمی ھاوڵاتییەکی بۆکانیش رادەستی خانەوادەکەی ناکرێتەوە.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، حەمید نیکخا ھونەرمەندی خەڵکی شاری مەریوان لە رۆژی شەممەوە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ڕفێندراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە، ئاماژەی بەوەشکردوە، سەعدی شاھرۆخی فەر خەڵکی شاری بۆکان دوای ئەوەی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرا، تائێستا تەرمەکەی نادیارە و ڕادەستی خانەوادەکەی نەکراوەتەوە و داوای بارمتەی دوو ملیار تمەنیان لێدەکەن لەگەڵ ئەوەی بەڵێن بدەن بە شێوەیەکی نھێنی بەخاکی بسپێرن.

رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندوە، لەماوەی یەک ھەفتەدا لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ٤٢ ھاووڵاتی کورد لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە کوژراون و زیاتر لە ھەزار و ٢٠٠ کەسیش برینداربوون، ٩٥٪ی حاڵەتەکانیش بە تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی ئێران بووە.

بەپێی ئەو ئامارە، زۆرترین کوژراو لە شاری بۆکان بووە کە ١٢ کەس بوون، لە جوانرۆ حەوت کەس و لە سنە و لە مھاباد و پیرانشاریش لە ھەریەکیان چوار کەس کوژراون، لە کامیارانیش دوو کەس و لە سەقز دوو و لە دیواندەرە دوو کەس و لە ھەرسەک و دێولان و بانەش لە ھەر شارێکیان یەک کەس کوژراون.