شارەزایانی ئەمریکا پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەکەن

2022-10-07   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە ٩٤ دۆلار جێگیر بوو، شارەزایانی ئەمریکاش پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەکەن.

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی وزە لە جیھان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ١١ سەنت دابەزی و لە ٩٤ دۆلار و ٣١ سەنت جێگربووە، نرخی نەوتی تەکساسیش پێنج سەنت دابەزی و بە ٨٨ دۆلار و ٤٠ سەنتەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

ھاوکات شارەزایانی ئابوری ئەمریکا رایانگەیاندووە، پێدەچێت نرخی بەنزین لە جیھاندا روو لە بەرزبوونەوە بکاتەوە، ئەوەش دوای بڕیاری رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ دوو ملیۆن لە رۆژێکدا. 

بڕیاری ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت گەورەترین بڕیارە لە دوای ساڵی ٢٠٢٠ەوە و پێش بڕیاری یەکێتی ئەوروپا لەسەر قەدەغەی نەوتی روسیا کەوت. 

چاوەڕوانیشدەکرێت ئەو بڕیارانە کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت و وزەی جیھان دروست بکەن، کە ماوەیەکی زۆرە بە ناجێگیریدا تێدەپەڕێت.