وەزیری بەرگری تورکیا: ١٤٠ کیلۆمەتر چووینەتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان

2022-09-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە ھێزەکانی تورکیا بەقووڵایی ١٤٠ کیلۆمەتر چوونەتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان.

خلووسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، ھێزەکانی سوپای تورکیا رۆژی سێشەممە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە قووڵایی ١٤٠ کیلۆمەتر چوونەتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سوپای تورکیا ١٦ ئەشکەوت و بنکەی فەرماندەیی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە چیای ئاسۆس خاپوور کردووە.

ئەو لێدوانەی خلووسی ئاکار لە کاتێکدایە کە ، ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سێ جار گوندی بێرکمە و ناوچەی گەرواسنگایان لە سنوری ناحیەی سیدەکان بۆردمان کرد و زیانێکی زۆر بەر ژینگە و دارستانەکانی ناوچەکە کەوتوە.