درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ئێران بنکە و بارەگای پێشمەرگەکانی دیموکراتی لەسنووری قەزای چۆمان بۆردومان کرد، بەھۆیەوە ئاگر لە دارستان و پاوانی ناوچەکە کەوتەوە.
شاخەوان حسێن بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کە بۆمبڕێژکراو بووە خۆی بە بنکە و بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگەی دیموکرات لە دەوروبەری گوندی مێرگەی سەربە قەزای چۆمان تەقاندووەتەوە.
وتیشی، لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکە دەکەن و زانیارییە سەرەتاییەکانیش باس لەوە دەکەن، ھیچ زیانێکی گیانی بەھۆی بۆردومانەکەوە نەبووە، بەڵام ئاگر لە پوش و پاوان و دارستانی سنورەکە کەوتووەتەوە و تیمەکانیان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.
ماوەی چوار رۆژە تۆپخانەکانی ئێران، دەستیان بە بۆردومان و تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان و سنووری گوندەکانی باڵەکایەتی و برادۆستکردووە، رۆژی دووشەممەش تۆپخانەکانی ئێران ژمارەیەک گوندیان لە سنووری برادۆست بۆردومان کرد، بەپێی زانیاریەکانی کوردسات نیوز، بەھۆی تۆپبارانەکانی ئێرانەوە بەشێک لە گوندنیشانی سنورەکە ماڵ و حاڵیان بەجێھێشتووە.