نرخی ھێلکە لە ھەرێم بەرزبووەتەوە

2022-09-23   |  
هێلکە
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی ھێلکە لە بازاڕەکانی ھەرێم بەرز بوەتەوە و بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانیش دەڵێت، لەگەڵ خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکاندا کۆبوونەتەوە و بەڵێندراوە گرانتر نەکرێت.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە نرخی ھێلکە بەھۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرھەمھێنان و زیادبوونی خواستی ھاووڵاتیان لەسەری بەرزبووەتەوە و یەک کارتۆن ھێلکە زیاتر لە ١٥ ھەزار دینار چووەتە سەر نرخەکەی.

روونیشیکردەوە، ھەفتەی رابردوو یەک کارتۆن ھێلکە بە ٥٠ ھەزار دینار بۆ ٥٣ ھەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی ٦٥ ھەزار دینار.

جەختیشیکردەوە، بۆ رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی ھێلکە کۆبوونەوەیان لەگەڵ خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکاندا کردووە و بەڵێنیانداوە نرخەکەی زیاتر بەرزنەکرێتەوە و ھەوڵیش بدەن ھەرزانتر بکرێت.