ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوای چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و غازی ھەرێم دەکات

2022-08-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکات لەسەر پرسی نەوت و غاز.

"بۆب مینیندیز" سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە و "جیم ریش" ئەندامی لیژنەکە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، نامەیەکیان ئاڕاستەی "ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە.

لە نامەکەدا، نیگەرانییان دەربڕیوە لە ناکۆکی دەستوری نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەسەر یاسای نەوت و غاز، راشیانگەیاندووە، بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر نەوت و غازی ھەرێم دژی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیشە کە لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن. 

ھەروەھا لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوایان لە بلینکن کردووە لە ئاستێکی باڵادا ھەماھەنگی بکات لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و عێراق، چونکە کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا رۆڵی گەورەیان ھەیە لە گەشەدان بە کەرتی وزە لە کوردستان و عێراق، ھەر بۆیە دامەزراوەی گەشەپێدانی ئەمریکی زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی قەرز بۆ کۆمپانیاکانی وزە لە ھەرێم تەرخانکردووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کاریگەری خراپی لەسەر وەبەرھێنانی بیانی و توانای عێراق لە سەربەخۆیی وزە دروستدەکات.

ھاوکات لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نیگەرانیشیان دەربڕی لە ھێرشە بەردەوامەکانی ئێران و گروپە ھاوپەیمانەکانی بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت و غازی ھەرێم، جەختیشیانکردووەتەوە لەوەی ئێران بەردەوامە لە دەستوەردان لە پڕۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.