بەرەی تورکمانی بە دوو مەرج پشتیوانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دەکات

2022-08-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەرەی تورکمانی بە مەرجی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان و گۆڕینی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، پشتیوانی ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەکات.

بەرەی تورکمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "حەسەن توران" سەرۆکی ئەو بەرەیە لەگەڵ "ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لە بەغداد کۆبووەتەوە و دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی عێراقیان تاوتوێکردووە. 

بەرەی تورکمانی رایگەیاندووە، لەگەڵ دانوستانی نیشتمانین بۆ چارەسەری رەوشی سیاسی و ھەنگاونان بەرەو قۆناغی داھاتوو، پشتیوانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، بەڵام بە مەرجی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی فرە بازنەیی و ھەڵوەشاندنەوەی ژماردنی دەنگەکان بە ئەلکترۆنی، ھەروەھا گۆڕینی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بە کۆمیسیۆنێکی دیکە کە بەرژەوەندی نیشتمانی لەپێناو گەل بەدیبھێنێت.