بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەگەر گەمارۆ لەسەر سلێمانی لانەبرێت ئەگەر ھەیە یەکێتی لە حکومەت بکشێتەوە

2022-08-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە ئاشکرا باس لە کێشەکانی سلێمانی و دەوروبەری دەکات کە چەند ساڵێکە رووبەڕووی دانیشتوانەکەی بووەتەوە، ھۆشداریشدەدات ئەگەر ئەو گەمارۆیەی لەسەر سلێمانی دانراوە، لانەبرێت، ئەگەر ھەیە وەک یەکێتی لە حکومەت بکشێنەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبەردەم کەسی یەکەمی حزبەکان و جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەراشکاوی باسی ئەو گرفتانەی کرد و رایگەیاند، ناکرێت لە سلێمانی گرفتی موچە ھەبێت و ئەوان وەک حزب پارە بۆ دەرماڵەی خوێندکار و کۆمپانیاکانی پاککەرەوە دابین بکەن.

دوای کۆبونەوەکەش سەرۆکی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، باسیان لە خراپی دۆخی سلێمانی کردووە و جەختیان لەوەکردوەتەوە پێویستە سەرجەمیان چارەسەر بکرێن.

سەرۆکی یەکێتی بەئاشکرا ھۆشداری ئەوەیداوە گەر بێت و ئەو گەمارۆیەی لەسەر سلێمانی ھەیە بەردەوامبێت ئەوا ئەگەری ھەیە یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم بکشێتەوە.

لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنیشەوە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنن بۆ رۆژی ھەڵبژاردنیش کات دیارینەکراوە، چونکە ھێشتا کاتیان لەبەردەست ماوە.

دوای کۆبونەوەکە، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبونەوەکە باسی ئەوەی کردووە گوایە ھەوڵی تیرۆکردنی دراوە، بەڵام سەرۆکی یەکێتی ئەو دەنگۆی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ھەوڵی تیرۆرکردنی نەدراوە، بەڵکو تەنھا چاودێری کراون.

ھاوکات عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان کە بەشداری کۆبونەوەی لایەنەکانی کردبوو رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی باسی لە ئابڵوقەی ئابوری بۆ سەر سلێمانی کردووە کە بۆچی دەبێت ئەوان پارە بۆ چارەسەری گرفتەکانی دابینبکەن، وتیشی، سەرۆکی یەکێتی وتویەتی، ئەگەر ھەر حزبەکەی پارەی خزمەتگوزارییەکان دابین بکات ئەوا بیریان لەوەکردوەتەوە لە حکومەت بکشێنەوە.

وەک دانیشتوانەکەی باسی دەکەن، ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی ھەرێم پارێزگای سلێمانی و دەوربەری پشتگوێخستووە ئەوەش وایکردووە چەندین گرفتی جۆراوجۆر لە سنورەکەیان سەرھەڵبدات، بەڵام سەرباری گەمارۆکانی حکومەت، زۆرکات بە بڕیاری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پارەی پێویست بۆ چارەسەری کێشەکانی سلێمانی تەرخانکراوە.

ئێستاش سەرۆکی یەکێتی دەیەوێت حکومەت بەئەرکی خۆی ھەستێت و ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکە چارەسەری ئەو گرفتانە بکات کە لە بەشێکی کەرتی حکومی سلێمانیدا دروستبوون.